15/05/2026
تێگەشتن لە ئازار: قوڵترین کاری پزیشک
گێڕانەوەی شکۆ و زەردەخەنە بۆ مرۆڤ
د.خەدیجە محمد احمد
لە زانستی نوێیدا، ئازار تەنها وەک سیگناڵێکی ڕاستەوخۆی زیانی جەستە نابینرێت، بەڵکو پشت بە هەموارە نوێیەکەی (IASP) کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئازار ، بۆ پێناسەی ئازار دەڵێت ( ئەزموونێکی هەستەکی و سۆزداری ناخۆشە، کە بە زیانی ڕاستەقینە یان گریمانەکراوی جەستەییەوە هەیە، یان هاوشێوەی ئەوە) "۱ " ، ئەمەش بە گۆڕانکاریەکی قوڵی پزیشکیە لە تێگەشتن لە ئازاردا هاتوەتە ئاراوە.
لەو پێناسەیەی سەرەوە دەگەینە ئەوە، کە ئازار دەتوانێت تەنانەت بەبێ بوونی زیانێکی ڕوونی جەستەش بوونی هەبێت،. تیۆرە نوێیەکانی وەک Gate Control Theory و مۆدێلی biopsychosocial جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئازار بە شێوەیەکی داینامیکی لە ئەنجامی کاریگەریی نێوان جەستە، مێشک، بیرەوەری، هەست، سەرنج و ئەزموونی کۆمەڵایەتیەو دروست دەبێت.
هەرچەندە پێشکەوتنی neuroimaging لە ئێستادا ڕێگە دەدات هەندێک لە نەخشە دەمارییەکانی پەیوەندیدار بە ئازارەوە ببینرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئازار ئەزموونێکی زۆر تایبەتی و کەسییە، چونکە ئازار تەنها لە ناو جەستەدا نیە، بەڵکو لە دیالۆگی ئاڵۆزی نێوان فیزیۆلۆژیا، هۆشیاری و ئەزموونی ژیاندا دروست دەبێت.
بۆیە پزیشکی نوێ بە شێوەیەکی زیاتر ئازار وەک نیشانەی زیانی جەستە نابینێت بەتەنها، بەڵکو وەک ئەزموونێکی قوڵی مرۆیی دەیبینێت کە مانا، ترس، بیرەوەری و پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە کاریگەری لەسەری هەیە.
ئامێرەکان بۆشایی زۆر بۆ پزیشک پڕدەکەنەوە، بەڵام نابنە بەدیلی مرۆڤبوون. پزیشکی حەقیقی پێش پزیشک بوون، مرۆڤبوونی خۆی دەسەلمێنێت. ئێمە دەتوانین فشاری خوێن بپێوین، لەڕێی ئامێرەکانەوە وێنەی ناوەوەی جەستە بگرین، تاقیکردنەوەی تاقیگەیی ئەنجام بدەین، بەڵام لەڕێی هیچ ئامێرێکەوە ئازار نابینین؛ ئازاری ئەوانی تر تەنها بە مرۆڤبوونمان دەبینین.
ئازار لە ژمارە و سکانکردن زیاترە. تەنها لە جەستەشدا ڕوونادات، بەڵکو لە بیرەوەری، ترس، ئەزموون و مانای ژیانیشدا ڕوودەدات. ئازار تەنها نیشانەی زیانی جەستەیی نیە، بەڵکو ئەزموونێکی هەستەکی و سۆزداریشە، ئەزموونێک کە هەندێک جار تەنانەت لە نەبوونی هیچ زیانێکی ڕوونیشدا بوونی هەیە.
لە کلینیکدا، پزیشکی باش تەنها لەگەڵ چارەخوازێکدا دانانیشێت، بەڵکو لەگەڵ مێژوویەکی دوورودرێژی ترس و یادەوەری و دڵەڕاوکێدا دادەنیشێت. چارەخوازیش زۆرجار لە خودی ئازار ناترسێت، بەڵکو لە دووبارەبوونەوەی دەترسێت. لەم دۆخەدا ئەو پزیشکە تەنها تەکنیشیانێکی شارەزا نیە، بەڵکو وەرگێڕێکی گەورەی کۆژانەکانی ئەوی ترە؛ وەرگێڕێک کە ڕەمزەکانی ترس دەخوێنێتەوە و دووبارە لە چوارچێوەی متمانەدا دایان دەڕێژێتەوە.
لە دیدی (Elaine Scarry) وە ئازار خەسڵەتێکی هەیە: مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوەتی بیگوازێتەوە بۆ کەسێکی دی. دەتوانێت باسی بکات، بەڵام ناتوانێت وەک خۆی پیشانی بدات. ئەمەش مرۆڤ تەنها دەکاتەوە، تەنانەت لەو شوێنانەشدا کە لە قەرەباڵغیدایە.
ئازاری توند تەنها جەستە ناگۆڕێت، بەڵکو جیهانی ناوەوەی مرۆڤیش بچوک دەکاتەوە. ئارەزوو و سەرنج و تەنانەت ناسنامەی مرۆڤیش هەندێک جار دەبنە “هەستی ئازار”
هەرچی (Jean-Paul Sartre) ە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەستەکان شێوازی وەڵامدانەوەی مرۆڤن بۆ جیهان، نە تەنها هەستێکی سادەی ناوەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئازار تەنها کارلێکردنێکی جەستە نیە، بەڵکو هەوڵێکی قوڵی ناخی مرۆڤە بۆ مانادان بە ترس و لاوازی و ئەو شتانەی ناتوانرێت بە ئاسانی دەرببڕدرێن. هەندێک جار ئازار ڕێگایەکە کە مرۆڤ بەهۆیەوە هەست بە سنووری بوونی خۆی دەکات.
لەبەر ئەوە، پزیشکی حەقیقی تەنها خەریکی لابردنی ئازار نیە، بەڵکو خەریکی گێڕانەوەی متمانە و ئاسوودەیی و زەردەخەنەیە بۆ مرۆڤ. چونکە زەردەخەنە تەنها جوانکاری نیە، بەڵکو هەستێکی قوڵی وجودییە کە مرۆڤ بە خۆی دەڵێت:
“من شایستەی جوانی و ئارامیم.”
تێبینی : سەرچاوەکان لە یەکەم کۆمێنتدان
Khadija Ahmed