11/05/2021
پاکراگرتن و خاوێن کردنەوەی ئامێری ڕاستکردنەوەی ددان...
خاوێن کردنەوەی ئامێری ڕاستکردنەوەی ددان کات و لێزانینی باشی دەوێت و بەکارهێنانی فلچەی ئاسایی بە تەنیا بەس نیە، باشتر وایە فلچەکە تایبەت بێت بە ڕاستکردنەوەی ددان و تاڵەکانی نەرم بێت بۆ ئەوەی زیان بە پووک نەگەیەنێت، و هەموو دیوەکانی ئامێرەکە بە وردی و بە جوانی لە پێش ئاوێنە پاک بکرێتەوە، دوای ئەوە فڵچەیەکی تایبەتی بچووک بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی ژێری تەلەکە وە ئەو شوێنانەی کە فڵچەی یەکەم پێی ناگات، پێویستە لەگەڵ ئەم دوو فڵچەیە هەویری تایبەت بە ڕاستکردنەوەی ددان بەکاربێت کە جیاوازی هەیە لەگەڵ پێکهاتەی هەویرەکانی تر.
پێویستە هەموو شەوێک نیوکاتژمێر پێش یان پاش شووشتنی ددانەکان پێویستە غەرغەرەی(گیراوەی دژە بەکتریا) تایبەت بەکار بێت بۆ ماوەی یەک خولەک، پاكڕاگرتنی ددانەکان لە کاتی ڕاستکردنەوەی ددانەکان دەیپارێزێت لە تێکچوون و کلۆربوون و هەوکردن و ئەستوربوونی پووک، ئەگەر هەر چارەخوازێک نەیتوانی پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ددانەکان بە پوختی ئەنجام بدات باشتر وایە ئامێری راستکردنەوەی ددان لە ددانەکانی بکرێتەوە، تا ئەو کاتەی پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان یاخود ڕاستکردنەوەی بۆ ئەنجامنەدرێت لە سەرەتاوە.
د. سۆما سرهنگ حمەصالح